ناوەندی پێشەوا

بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە

ناوەندی پێشەوا

بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە

ژیاننامەی پێشەوا قازی محەمەد

ژیاننامەی پێشەوا قازی محەمەد



قازی محەمەد ١٩٠٠ - ١٩٤٧ دادوەر، بە باشی ناسراوی ناوچەی موکریان و دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری کوردستان ، لە ساڵی ١٩٤٦دا بوو. دوای ڕووخانی کۆمار لە ساڵی ١٩٤٧دا قازی دەگەڵ ھاوڕێکانی لە لایەن حکوومەتی کاتی تاران لە مەیدانی چوارچرای شاری مەھاباد لە سێدارە دران.

سەرەتای ژیان

قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک کە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵک بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکوومەتیش، جێگەی رێز و پێ‌زانین بوون. ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. لە شەڕی یەکەمی جیھانی‌دا پیاوی وەک میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ دەگەڵ ڕووسەکان لێ شەھید بوو، کوڕە لاوەکانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی رووسیەی ئەو کات بەڕێ کران و تا شۆڕشی ئۆکتۆبر ھەر لە دیلی‌دا بوون.


قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێک ھێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لەتەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە کۆچی‌دوایی کرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.

قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لە لایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەڕلەمان و جێ‌بڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی کاری پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یاری‌دانی خەڵک ھەر لە تاران مابۆوە.

قازی محەممەدیش کە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایک بووە. قازی محەممەد لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێر بوونی زمانە بیانیەکان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، دەگەڵ زمانی فەڕنسی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەکیش ڕووسی ئاشنایەتی کردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی دەگەڵ زانایانی زەمان، کەسایەتیە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک عەشیرەتەکان ھەبووە.

دەستپێکی فەرھەنگی

دوای کۆچی‌دوایی باوکی، بوو بە دادوەر(قازی)ی شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرھەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی دایەرەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردوە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە. ھەر لەبەر ئەوە دەگەڵ زۆرێ لە خوێندکاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیکی بووە.

لە چەند ساڵ ماوەی نابەسامانی دەوڵەتی ناوەندیی تاران، واتە لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ کە کۆماری کوردستان پێک ھاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێش‌بردنی کاروبارەکان‌دا و بە تایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرەی‌یەکاندا دەورێکی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەکانی کاری ڕۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێ‌دەوت، چارەسەر بووە.

قازی محەممەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) ھەبووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ک ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆش ویستوە و گەلێکیان ھەوڵ دەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵە.

قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانی‌شەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش کردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە. ھەر کەس چۆتە مەھاباد تێکۆشاوە بەر لە ھەموو کەس چاوی بە ئەو بکەوێ. بانگ کرانی بۆسۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندیەدا بووە، کە دەگەڵ وەفدێکی گەورە سەردانی باکۆیان کرد.

کەسایەتی قازی

قازی محەمەد مرۆڤێکی فەرھەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و ھونەر دۆست، ئەھلی راوێژ و لە ھەمان کات‌دا خەباتگەرێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و ھێزیان کەڵکی وەر دەگرت.

وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتوو، قازی محەممەد برایەتی و یەکگرتوویی کوردی پێ گەورەترین ھۆی سەرکەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئەوکات چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکیەتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانی‌دا زانیوە.

ھەرچەند دەیزانی دوژمنەکانی کورد ڕاست ناکەن بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕای‌دەگەیاند کورد حەز دەکا لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بکرێ دەیکا.

لە پێش کۆماردا جاربەجارە لە رۆژنامەی کوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێ‌بەخشراو و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵک دا ھەر باوە.

]ژیانی سیاسی و کۆمار

قازی محەممەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و ناوی نھێنی بینایی بۆ دانرا، ھیوایەکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک پێک ھێنا. لە ئاکامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو کە ژ.ک بوو بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەک حیزبێکی دێموکرات و پێشکەوتوو دەستی کرد بە تێکۆشان و خەباتی سیاسی. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی کە بۆ ژ.ک‌ی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیشی ھەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ.ک دانا و ھەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیک بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێکۆشان لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕاکێشا. حیزب زۆر بە خێرایی پەل‌وپۆی سەند و تێکۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەڕەی سەند. قەیرانی بە زۆر لکاندنی کوردستان بە ئازەربایجانەوە حەل کرد و مەجبووری کردن حیسابی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. لە یەکەم کۆنگرەدا، لە  ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچیی ھەتاوی  بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکھاتنی یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیێندرا.

لە ماوەی دەسەڵات‌داڕی کۆماری مەھاباد ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشکاوی بە شای ئێران و قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران)ڕاگەیاندوە، قامکی لەسەر لاوازییەکانیان بەرانبەر بە گەلی کورد داناوە. بە ئاشکرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەکانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی کوردستان چارەسەر بکەن.کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلگنەوە بۆ تاران بانگھێشت دەکرێ و لە ڕێکەوتی ٢٨ی ژوئەنی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری حیزبەکان و یەکیەتی کرێکاران لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکرێ. ڕۆژنامەیایران ما ھەر ئەوکات دەنووسێ:

ئێستا کە قازی محەممەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی کەوتوە، دەردەکەوێ کە بیر و ڕای ئەو جێگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی لە تەواوی ئێران دایە و مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی بۆ نەتەوەی کوردیش لە گۆڕێ دایە. ھەر کارێک بە سوودی دێموکراسی بێ لەلایەن پێشەوای کوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەکرێ. ھیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژوویی‌یە کەڵک وەرگرێ.

]ڕووخانی کۆمار

دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری مەھاباد بە خاڵێکی ھاوبەش نەگەشتن و گرفتەکان چارەسەر نەکران. ھەر بۆیە بەشوێن ماوەیەک ھەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی ھێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی کۆماری مەھاباد لە لایەن بڕێک سەرۆک عەشیرەتەکان، تەنانەت چەن کەس لەوانەی دەگەڵ قازی سەفەری باکۆیان کردبوو، تاران لە پێش‌دا ھێرش دەکاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئازەربایجان و پاشان ھێرش دەکاتە سەر کوردستان.

ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی ٢٠ سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی (١٩٤٦ی زایینی) گەیشتە دەرۆی شاری تەورێز و ڕۆژی ٢١بە ھەڵاتنی سەرۆکانی کۆمار بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مەھاباد ڕێ کەوت. لەو ئەو ناوچانەی دیکە لە باشوری مەھاباد‌دا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نادەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیکی سەقز، لە چەن مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی ھێندێ لە کوردەکانی سەربە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتە بەر. قازی وەک سەرۆک کۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات ھەمووان تێدەکۆشن بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەن ڕۆژ کوردستان داگیر دەکرێ. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەک سەرۆک کۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت کە بۆ ئەوندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو کە بە دەست‌‌کێشانی لە پاڵپشتی کۆمار ئاوەھا بە خێرایی کۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین ھۆی ڕووخانی کۆمار یەک‌نەبوونی ھەوموو دەستەکان ببێت، تا ئەو ڕادەیە کە ھێندێ ھەتا سۆڤیەت کوردستانی چۆڵ کرد، نامەیان نارد بۆ تاران کە وەرن، ئێستە کاتی ھێرشە. بە ئاگادار بوون لە داھاتووی کۆمار مەلا مستەفا ھەوڵی دا کە قازی دەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، پێی وا بوو دەبێ لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لە نێوان شەر یان خۆبەدەستەوە دان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێران کردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن کە ئایا ئەگەر قازی دەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟‌ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: "من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچ کات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم تا وڵاتەکەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو ھەزاران کەس بە کوشت بچن."

ئەرتەش ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز دەگاتە مەھاباد وەک پایەتەختی کۆمار و وەک ئەو شارەی دەسەڵاتی کۆماری تێدایە، کاتێ زیاتری بۆ دادەنێن. ئەگەرچی ھەر لە پێشدا ھەم قازی بۆخۆی و ھەموان دەیانزانی سزای قازی و ھەڵسووکەوتی حکوومەت دەگەڵ وی چۆن دەبێ، بەڵام دادگایەک ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی کۆمار بە چەن تاوانی سەرەکی دادگایی دەکرێن.

ئەگەرچی ھەردوو کۆماری مەھاباد و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام کۆماری مەھاباد ڕاستقینە ئارەزووی جەماوەری کورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی کێشاوە و دەسەڵاتی تاران ھەردوو کۆماری لاوازی مەھاباد و ئازەربایجانی خنکاند. درێژەی کۆماری مەھاباد ١١ مانگ بوو.

 

دادگایی کردنی قازی

٦ی ڕێبەندانی ھەمان ساڵ (١٣٢٥ھەتاوی- ١٩٤٧زایینی) لێژنەی تایبەت کە لە تارانەوە ھاتبوون بە سەرۆکایەتی سەرھەنگ غۆڵام حسەین عەزیمی دەگەنە مەھاباد و دادگا ڕێدەخەن. پرسیارەکانی دادگا ڕوون نەبوون. لە لایەن قازیەکانەوە (قازی محەممەد، سەدر قازی، سەیف قازیھەموو تاوانەکان ڕەد کرایەوە و داوای بەڵگەیان دەکرد. ئاشکرا بوو کە ئەو دادگا ھیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نەبوو.تاوانەکانی قازی ئەمانە بوون:

§                 گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران

§                 ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیر کردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان

§                 بازرگانی کردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی

§                 ساز کردنی نەخشەی کوردستانی گەورە‌ بە لکاندنی کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا

§                 ھێنانە ناوەی بێگانە و بەشێک لە خاکی ئێران خستنە ژێر دەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی)

§                 دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە ئاڕمی چەکوش و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت

§                 لێدانی سکەی پووڵ بۆ کۆردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسی


قازی ھەموو ڕەد دەکاتەوە و لە وەڵام دا دەڵێ ئاڵام داناوە بەڵام نە وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن وەک ئاڵای سۆڤیەت. سەبارەت بە مستەفا بارزانی، ئەو بۆ خۆی ھاتووەتە مەھاباد و کەس نەیھێناوە، ئەو کوردە و کوردستان ماڵی ھەموو کوردێکە و ھەر کوردێک بە ئارەزووی خۆی لە سەر ھەر بستە خاکی کوردستاندا دەتوانێ بژی.

یەکێک لە تاوانەکانی سەرەکی سەدر قازی، جێگری سەرۆک کۆمار و برای قازی محەمەد نووسینی شێعرێکی گەرم بۆ بەخێرھاتن وتن بە مەلا مستەفا بارزانی بوو.

دادگاکە بە دانی بڕیار لە سێدارە دانی ھەر سێ تاوانبارەکە کۆتایی ھات. بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکە نەبوو. قازیەکان لە بەندیخانە‌ کران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە ھەمان شێوە دادگای پێداچوونەوە‌ بەڕێوە چوو، ئەگەر چی ھەموان لە سەر ئەو بڕوا بوون کە بە تاوانبار ناسینی قازی ھەر لە پێش‌دا وەک ئامانجی دادگاکان لە تارانەوە نیشان کرابوو.

پێشەوا و ھاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدە مانگی کۆماردا ھەوڵیاندا، ھەر ئەوەندەش لەو دادگا بوو، لە خۆبردوویی و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.

لەگەڵ ھەموو ئازاری دەروونی و ئەو ژیانە تاڵەی کە لە بەندیخانەی پادگانی مەھاباددا بۆیان پێک ھاتبوو، نە تەنیا بڕوایان بە ئامانجەکانیان، لاواز نەببوو بەڵکو زۆر ئەرخەیانترو بە ورەتر ببوون.

لە چاوپێکەوتنێکی نھێنی‌دا کە لەگەڵ یەک دوو مرۆڤی جێی باوەڕی خۆیان بوویانە، گوتوویانە:

ئێمەیان فریودا، با نەتەوەی کورد فریو نەخوا و خەباتی خۆی بۆ ڕزگاری و سەربەستی درێژە بدات و چەک دانەنێ.

ھەروەھا گوتبوویان :

کە زۆریان زەخت خستووینەتە سەر تا نامەیەک بۆ مەلا مستەفا بنووسین کە دەست ھەڵبگرێ. بەڵام ئێمە نەتەنیا شتی وا نانووسین بەڵکوو پێمانوایە ئەوەی بۆی دەکرێ دەبێ دەگەڵ ئەو ناپیاوانە بیکا.

ئازایەتییان لە دادگاکاندا بە ڕادەیەک بووە کە ئەفسەرەکان سەریان سوڕماوە. لە ڕاستیدا ئەو دادگایە ئەمەریکا و ئینگلیزیشی لە پشت بوو. ھەرچەند جگە لە کاربەدەستانی خۆیان کەسی نامۆی لێ نەبووە، بەڵام ھەر لە رێگای ئەوانەوە زۆر شت بڵاو بۆتەوە کە پێویستە بیزانین.

پێشەوا ھەر جارێک لەو دوو جارە کە بە ناو دادگایی کراوە زیاتر لە چوار کاتژمێر قسەی کردوە و بە وتەی سەروان شەریفی کە پارێزەری بووە : ئەوە قازی محەممەد بووە کە حکوومەتی دادگایی کردوە و لە ھەموو بوارێکەوە ھێناویەتە ژێر پرسیار.

ڕۆژنامەی ئازادی کە لەو سەردەمدا لە بەغدا بە زمانی کوردی دەردەچوو، سەبارەت بە پشتگیریی ئەمەریکا و ئینگلیز لەو دادگایییە نوسیبووی: ئیستێعماری ئینگلیس و ئەمریکا لە وجوودی قازی محەممەد و ھاوڕێکانیدا دوژمنی ھەرە سەرسەختی خۆیان دەدی. ھیوایان ھەبوو بتوانن بە چۆکیان دابێننو لە بەندیخانەش نوێنەرەکانیان چوون دەگەڵیان دوان تا بتوانن بۆ لای خۆیانیان ڕابکێشن، بەڵام ھیچ کات سەرکەوتوو نەبوون.

دواتر ڕۆژنامەی ئازەربایجان لە باکۆ نوسیبووی قازی محەممەد بە نوێنەری ئەمەریکا (جورج ئالێن)ی گوتبوو: گەلی کورد چاوەڕوانی ھیچ چاکەیەکی لە وڵاتانی ئیستێعماری نیە.

نەجەفقولی پسیان وتەکانی پێشەوا لە دادگادا لە چەند رستەدا کورت دەکاتەوە و دەنووسێ:لە کاتی دادگایی‌دا قازی محەممەد پەلاماری دەبردە سەر سیاسەت و ئاکاری دەوڵەتی تاران و دەیگوت: "من لە قوژبنی گرتووخانەوە دەنگی خۆم بەرز دەکەمەوە لە دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەک ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ داگیرکردووین

رۆژنامەنووسێکی دیکە بە نێوی سلیمان.خ لە نووسراوەکانیدا دەڵێ، قازی گوتی:

تەواوی ئەم بەسەرھات و ڕووداوانە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتە. ئەگەر دەوڵەت تەواوی کوردان بە خائین دەزانێ با دەست لەو مەڵبەندە ھەڵبگرێ، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ با لێ بگەڕێ خۆیان کاروباری خۆیان بگرنە دەست.

لە بەڵگە و رۆژنامەکانی یەکیەتی سۆڤیەت زۆر شت لەم بابەتانە نووسراون. لە زمان ئەفسەرە ئێرانییکانەوە دەگێڕنەوە کە قازی لە جوابی ئەوەی کە کۆماری مەھاباد دەست‌‌نیشانی سۆڤیەت بووە گوتویە:

ئەو ڕووداوانە لە ئاکامی ئەوەی دابوون کە ئێوە خۆتان قانوونی بنەڕەتیتان لە ژێر پێ ناوە. ئێستاش من تەنیا خۆم دامەزرێنەری دێمۆکراسیەت لە کوردستانم و ھیچ ھێزێکی بێگانە منی ھان نەداوە. بێبەشی کورد منی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارانە ھان داوە.

کاتێک سەرۆکی دادگا بە خەیانەت تاوانباریان دەکا لە وەڵام دا دەڵێ: ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان خاکی باب و باپیر و ئەجدادی منە چۆن دەتوانم دەستی لێ ھەڵگرم.
دادگایی یەکەم لە ١٩ی مانگی ژانویە دەستی پێکرد و چەند رۆژی خایاند و حوکمی ئیعدامی قازییەکانی دا. دادگایی دووھەم لە ٢٨ی مارسی ١٩٤٧ (واتە ٧ی خاکەلێوەدەستی پێ‌کرد و رۆژی ٣٠ی مارسکۆتایی پێھات.

 

پەتی سێدارە

لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی(٣٠ی مارسی ١٩٤٧پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی(ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی(برای پێشەوا) بە دوای حوکم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ھەتاوی (٢٢ مانگی ژانویە ١٩٤٦) کۆماری کوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەھیدکران.

ھەڵسوکەوتی قازی کاتی لە سێدارە‌دران کە رۆژنامەنووسێکی دەرباری شا دەیانگێڕێتەوە وەک چیرۆک و ئەفسانەی لێھاتووە. قازی لە پێش‌دا داوا دەکات کە تیربارانی بکەن چوونکا لە سێدارە‌دان ئایینی نیە، بەڵام ڕێگەی پێ‌نادەن. پاشان وەسیەت‌نامەیەک دەنووسێت کە جێگەی سەرنجە لە باری کۆمەڵایەتیەوە و لە باری سیاسیەوەقازی ‌ئەو مردنەی بە سەرکەوتن دەزانی و ھەر بۆیە بە ٧ ھەنگاو ڕێگەی بۆلایسێدارەکە پێوا. لە پای سێدارە ڕێگەی نەدا چاوی ببەستن و دەڵێت:

حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانیشم دا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.

ڕوو لە خوێنمژانی گەل دەڵێ: ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنوکە خوێنێکی من، قازی محەممەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو ڕزگاریی کوردستان دا پەک نەخات، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کورد و کوردستان.

تەرمی ئەو شەھیدانە ھەر ئەو رۆژە لەسەر شان و پیلی خەڵکی بە شرەفی مەھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاکی نیشتمانەکەیان سپێردران. شوێنی گۆڕەکەیان ئێستاش لە ژێر چاودێری‌دایە.

 

نظرات 2 + ارسال نظر
حه‌سه‌نی قازی جمعه 8 بهمن‌ماه سال 1389 ساعت 08:53 ب.ظ http://ruwange.blogspot.com

قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێک ھێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لەتەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە کۆچی‌دوایی کرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.
قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لە لایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەڕلەمان و جێ‌بڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی کاری پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یاری‌دانی خەڵک ھەر لە تاران مابۆوە

"ئه‌و ئاگادارییانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌ به‌ دوور نین. ئه‌و که‌سه‌ی له‌ مه‌هاباد "حیزبی محه‌مه‌دی" له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی شێخ محه‌مه‌دی خه‌یابانی له‌ مه‌هاباد پێک هێناوه‌ نه‌ک قازیی عه‌لی، به‌ڵکوو
"ئه‌بولحه‌سه‌نی سه‌یفی قازی" (سه‌یفولقوزات) مامی قازی محه‌مه‌د بووه‌. قازیی عه‌لی له‌ 19ی ئۆکتۆبری 1931 کۆچی دوایی کردووه‌. که‌سێک که‌ خۆی له‌ سابڵاغێ له‌ ڕێوڕه‌سمی ناشتنی دا به‌شداری کردووه‌ ئاوا ده‌نووسێ:

"سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبر [ ی 1931] ، دراوسێ و دۆستی مێهره‌وانی له‌مێژینه‌مان قازی عه‌لی، دوای حه‌وتوویه‌ک نه‌خۆشی سه‌ری نایه‌وه‌. زیاتر له‌ 3000 که‌س مه‌یته‌که‌یان تا سه‌ر قه‌بران به‌ڕێ کرد، به‌رله‌وه‌ی گیان بسپێرێ، یای گودهارت ڕۆژ و شه‌و به‌ لایه‌وه‌ بوو، و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی قازی ئه‌و چاکه‌یه‌یان له‌چاو دایه‌. ئه‌و بۆنه‌یه‌ جارێکی دیکه‌ میسیۆن و کاری ئێمه‌ی به‌ باشترین بنه‌ماڵه‌کانی سابڵاغی و به‌سه‌دان پیاوی که‌ له‌ دوور و نزیکه‌وه‌ هاتبوون ناساند. کوڕی قازی عه‌لی ، میرزا محه‌مه‌د، به‌ڕه‌سمی بوو به‌ قازی کاتێک له‌ سه‌ر قه‌بران عه‌بای درێژو ئه‌ستووری بابی به‌ سه‌ر شانی دا درا. قازی عه‌لی هه‌موو جارێک سپاسی سڵاو ناردنی ئێوه‌ی ده‌کرد و ده‌بێ ئێوه‌ش وه‌ک ئه‌مریکاییه‌ک له‌ نامه‌یه‌ک دا بۆ کوڕه‌که‌ی قازی عه‌لی وه‌بیربهێننه‌وه‌ وسه‌ره‌خۆشی لێ بکه‌ن. ئه‌و به‌ گه‌یشتنی نامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ شانازی ده‌کا و له‌و باره‌یه‌وه‌ باسی له‌گه‌ڵ کردم.
....................
دڵسۆزتان،
هێنری ئا. مولێر " سه‌رچاوه‌: وێبنووسی ڕوانگه‌

ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی ته‌نێ خولێک واته‌ خولی 13 بووه‌ به‌ نوێنه‌ری مه‌هاباد له‌ مه‌جلیسی شورای ئیسلامی و دوای ته‌واو بوونی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ هه‌ر له‌تاران ماوه‌ته‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تی حکوومه‌تی کوردستانی کردووه‌. له‌ موکریان به‌ " سه‌درولئیسلام" به‌ نێوبانگ بووه‌. له‌ زه‌مانی قاجار، ته‌نانه‌ت تا چه‌ندساڵێکیش له‌ سه‌رده‌می حکوومه‌تی په‌هله‌وی دا
ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ڵاتداریی خۆجێییش له‌قبیان داوه‌ به‌ خه‌ڵک. ئه‌و نێوه‌ش له‌وه‌وه‌ هاتووه‌. سه‌دری قازی دوو ساڵ له‌ قازیی محه‌مه‌د پچووکتر بووه‌.

حه‌سه‌نی قازی

حه‌سه‌نی قازی شنبه 9 بهمن‌ماه سال 1389 ساعت 12:35 ق.ظ http://ruwange.blogspot.com

له‌ تێچنی پێشوو دا له‌ به‌ر په‌له‌په‌لیان له‌ جیات " مه‌جلیسی شووڕای میللی" نووسیومه‌ "" مه‌جلیسی شوورای ئیسلامی" .ئاشکرایه‌ ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ڕاسته‌،به‌ داوی لێ بوردنه‌وه‌.

ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد