کۆمهڵهی ژیانهوهی کورد (ژێ.کاف)
سەرچاوەی وێنەکان: وێنەی کۆماری کوردستانhttp://weneykk.blogspot.com
ناسر قادرپوور
کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد یان بە کورتی کومەڵەی( ژک ف)،یەکەم ڕێکخراوی بەهێزی سیاسیی کوردی لە رۆژههڵاتی کوردستان بوو کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە ناوچهی موکریان وپاشان له مەهاباد پێک هات و لە ساڵی ١٩٤٥ بە دامەزرانی حیزبێکی نوێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بهکورتی مێژووی ناوچهکه.
لە ماوەی شهری یهکهمی جیهانی دا کوردستان بوو بە مەیدانی شەڕ لە نێوان لەشکرەکانی بەشدار لەم شەڕە، بەتایبەتی لەشکری عوسمانی و لەشکری روسی.دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار تووشی تاڵان و کوشتاری لەشکرەکانی عوسمانی و روسی بوون. پاش ئەو شەڕە، وڵاتێکی وێرانکراو، خەڵکێکی دەربەدەر، ماندوو و هەژار کە تووشی قاتی وقری و نەخۆشی ببوون له قهیرانێکی زۆر خراپی ئابوری سیاسی دا ده ژیان...
دیکتاتوریی ڕەزاخان
لە ساڵی١٩٢١ی زایینی پاش کودتایەکی نیزامی کە بە هاوکاری بریتانیا هاتە دی، ڕەزاخان هاتە سەرکار و ساڵی ١٩٢٣ لە تاران خۆی بە شا و دامەزرێنەری سلسلەی پەهلەوی ناساند. هەر لە سهره تاوه هەوڵی تواندنهوه وله بهین بردنی هەموو ئەو شۆرش و بزووتنەوانەی دا کە دەبوونە هۆی لهم پهرێک له سهر رێگای؛ وەک بزوتنهوه ی سمکۆ، ڕاپەڕینی جافر سوڵتان و حەمە ڕەشید خانی بانە. ڕووکاری ئاوەڵای سیاسی لە تەواوی وڵاتی ئێراندا کاتی بەسەرچوو. دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لە تاران هێزی گرت و هەناسەی هەموانی بڕی. لە سەردەمی دیکتاتۆریی بیست ساڵەی ڕەزاشادا زۆرداریی نەتەوەیی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. شۆوینیزمی فارس بوو بە سیاسەتی فەرمی ڕێژیمی پەهلەوی و گەلانی غەیرە فارسی ئێران خرانە ژێر توندوتیژترین ستەمی نەتەوەیی.
بۆ لە نێوبردنی شوێنەواری نەتەوەیی و مێژوو و فەرهەنگی ئەم گەلانە پلانێکی داڕێژراو و درێژخایەن بەڕێوە دەچوو کە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی غەیری فارس بوو. دەستتێوەردانی مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، قەدەغە کردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان و لەبەرکردنی جلی نەتەوەیی.
هەموو بۆ ئەوەی نیشان بدرێ،که لە ئێراندا تاقە نەتەوەیەک هەیە، ئەویش فارسە. بەڵام هەستی کوردایەتی لە کوردستان و لە دڵی هەموو کوردێکدا ئەوەندە بەهێز بوو کە سیاسەتی ڕەزاشا بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد وەک هی مستەفا کەماڵ لە تورکیا بە تەواوی پووچەڵ بوو. بەرامبەر بەو هەموو زوڵم و زۆرە لە هێندێک ناوچەی کوردستان، ئێران ڕاپەڕینی عەشیرەتەکان سازبوو. وەک ڕاپەڕینی مەحموودخانی کانیسانان لە ناوچەی مەریوان، عەشیرەتی مەنگۆڕ لە دەوروبەری مەهاباد، ڕاپەڕینی عەشیرەتەکانی جەلالی کە هەموویان دڕندانە سەرکوت کران.
ئاکامی شەڕ
کە شەری دووهەمی جیهانی دەستی پێکرد، ڕەزاشا لایەنگیری خۆی بۆ ئاڵمانی نازی ڕاگەیاند. بۆیە کاتێ شەر کەوتە نێوان یەکیەتی سۆڤیەت و ئەڵمانیا، وڵاتانی هاوپەیمان، ئێرانیان داگیرکرد؛ وەک هاوپەیمانی ئاڵمانیا و هەم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئێرانەوە یارمەتی بگەیێننە سۆڤییەت. بریتانیا لە باشوور و ئەرتەشی سووری سۆڤیەت لە باکوورەوە، خاکی ئێرانیان داگیر کرد. ڕەزاشا لە ئاستی ئەواندا نەیتوانی بچووکترین جووڵە بکات و دیکتاتۆرییەکەی ڕووخا و پاش ٢٠ساڵ ئێران ڕووی ئازادی و دیموکراتی بە خۆیەوە دی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بووژانەوە.
هەل و مەرجی دامەزران
هێزەکانی داگیرکەر لە باشوورەوە تاکوو ئیلام و لە باکوور تا ورمێ هاتبوون. بەڵام ناوچهی موکریان و مەهاباد به تایبهتی دوور بوو لەو دۆخە. لە لایەکی دیکەوە مەهاباد و ناوچەکانی دەور و پشتی مێژووی درێژیان هەبوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، هەربۆیە بار و دۆخەکە ڕێکەوت بۆ ئەوەی یەکەم ڕێکخراوی بەهێزی سیاسیی کوردی بە ناوی کومەڵەی ژیانەوەی کورد یان بە کورتی کومەڵەی ژ-ک ف پێک بێ. دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە یازدە کەس بوون(دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ-ک ئەم یازدە کەسە بوون: حوسەینی فرووهەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەریسی، نەجمەدین تەوحیدی، محەمەد نانەوازادە، عەلی مەحموودی، محەمەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری، قاسم قادری.) کە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ ی ١٩٤٢ لە مەهاباد کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ژ-ک ف، یان پێکهێنا کە ئامانجەکەی ڕزگاری نەتەوەی کورد بوو.
کۆمەڵە ڕیخراوێکی نهێنی بوو و هەر لە سەرەتای دامەزراندنەوە کورد انی باشوور تێیدا بەشدار بوون و نوێنەرانی ئەوان «میرحاج ئەحمەد» لە لایەن حیزبی هیوا وە لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ژ-ک ئامادە بووە.
لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٩٤٣ دا، کۆبوونەوەیەک وەک کۆنگرەی کۆمەڵە پێکهات. لەم کۆنگرەیەدا کە لە شاخی خوداپەرەست بە ئەنجام گەیشت، نزیکەی سەد کەس بەشداربوون؛ بڕیار درا کە کۆمەڵە بیروڕای خۆی لە گۆڤارێکدا بڵاو کاتەوە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵە ئەگەرچی رێکخراوێکی ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەر بوو و دەبوا لەگەل توێژەکانی خەڵکی بێت، بەڵام لەبەر نهێنی بوونی، کەمتر بەوە دەگەی. ئەوە بوو کە دەست کرا بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری نیشتمان. لە ماوەی چەند ساڵدا، بە بڵاو بوونەوەی بیر و ڕاکانی کۆمەڵە لە ناو چین و توێژەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان، هیوا بە داهاتوو هێزی گرت. زانیاریی سەبارەت بە بار و دۆخ پێشکەوت و ژ-ک تا ڕادەیەک بوو بە هێزێکی سیاسی.
بەڵام گۆڕانکارییەکان یەکجار زۆر بوون. دنیا گۆڕدرابوو، هەروا کوردستان . شۆڕشی گەلانی دونیا دژ بە فاشیزم و دیکتاتۆری پەرەی سەندبوو. وڵاتی ئێران ئەزموونی گۆڕانی بەسەر دەهات و لە لایەکی دیکەوە لەو بار و دۆخە گرینگەدا کۆمەڵە نەیدەتوانی چالاکییەکان بە ڕێکوپێکی بەرەو پێش بەرێ. پێویستی بە ڕێکخراوێ نوێ، یەکگرتوو، خاوەن پیلان بوو بۆ بەرەو پێش ڕۆشتن. بەڕێوبەرانی کۆمەڵە لەوە ئاگادار بوون، بۆیە هەوڵێکی نوێیان دا بۆ بنیاتنانی حیزبێک. لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ ی ساڵی١٩٤٥ لە شاری مەهاباد دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاگەیێندرا. ئەگەرچی ئەو حیزبە نوێیە لە ئەزموونەکانی کۆمەڵە سوودی وەر دەگرت، بەڵام لە پیلان و چالاکییەکانیاندا بە تەواوی جیاواز بوون
وێڕای سڵاو و دهستخۆشی !
1-تکایه ئهگهر دهکرێ سهرچاوهی ئهو شوێنانهی وێنه و بهڵگهیان لێ وهردهگرن باس بکهن.
2- بهڵگهی چاپکراو، نووسراو چتان به دهستهوهیه که "ژ.ک." کورتهی "ژیانهوهی کورد" بووه؟